هەواڵ

-

سەرۆک بافڵ: هەوڵەکانمان لەپێناو سەقامگیری هەرێم و عیراقدایە

11/23/2023 7:02:38 PM 113 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازیی لە وەفدێکی باڵای سەربازیی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی مارشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە راوێژکاری بەرگریی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد.

 

لەدیدارێکدا کە لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەبوو، دۆخی گشتیی وڵات و پێشهاتە ئەمنی و هەواڵگرییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەڕەشە لە سەقامگیریی وڵات دەکەن.

 

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و لێکەوتە ئەمنییەکانەوە، وەفدی میوانی بەرچاوڕوونکرد و رایگەیاند، هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو سەقامگیریی هەرێم و عیراقدایە تاوەکو نەبێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان، هەموو هەوڵێکیش دەدەین تاوەکو کێشەکان لەڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەربکرێن و ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە پارێزراوبێت.

سەرۆک بافڵ وتیشی، ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەمووان بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure