هەواڵ

-

سەرۆک بافڵ: نابێت هونەر بەسیاسی بکرێت و ڕەخنەگربن

2/11/2023 5:47:47 PM 283 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە هونەرمەندانی بوارەکانی شانۆ، شێوەکاری، فیلمسازی و مۆسیقا کرد.

‌‎لە دیدارەکەدا رۆڵی هونەر و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە، دۆخی ئێستای هونەر لە هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی و پشتیوانیی هونەرمەندان گفتوگۆی لەبارەوەکرا.

‌‎سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵی هونەرمەندان کرد لە رابردوودا کە رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان هەبووە و توانیوویانە ماندوونەناسانە خزمەتی فەرهەنگ و کەلەپووری کوردی بکەن و مێژوویەکی درەوشاوە تۆماربکەن. راشیگەیاند، دەبێت هونەر لەسەردەستی ئێوە بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی کە بە پایتەختی رۆشنبیری ناسراوە رەنگدانەوەی ناوەکەی بێت. ئێوەی هونەرمەند دەتوانن رۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە و سەلیقەی گشتی، بەرهەمەکانتان رەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمەکەمان بێت و نموونەی هونەری باڵا پێشکەش بە خەڵکی خۆمان و جیهان بکەین.
‌‎لەبارەی ئازادیی كاری هونەری و دەستتێوەردانی سیاسیشەوە سەرۆك بافڵ وتی، نابێت هونەر بە سیاسی بكرێت و رێگەمەدەن هیچ كەس و لایەنێك دەستوەردان لە كارەكانتان بكات. رەخنەگربن و لەڕێگەی هونەرەكەتانەوە بەگژ نادادی و ستەمدا بچنەوە، ئەمەش یەكێكە لە ئەركەكانی هونەر.

‌‎لە بەرامبەردا هونەرمەندانی کوردستان ئاماژەیان بە گرفت و بەربەستەكانی نێو كایەی هونەر كرد و میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەکانیان خستەڕوو و رایانگەیاند، ئەم دیدارانە گرنگی خۆیان هەیە و هۆكارێكە بۆ رەواندنەوەی كێشەكان و هەنگاونان بە ئاڕاستەی داهێناندا.
‌‎هەروەها ستایشی هەوڵ و پشتیوانییەکانی سەرۆک مام جەلال و هێرۆ خانیان کرد کە لە رابردوودا بەهەمووشێوەیەک هاوکاری هونەرمەندان بوون و لەسەر دەستی ئەوان هونەر لە هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.

‌‎هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ چەند بڕیارێکی گرنگ و پێویستی لەبارەی دۆخی هونەر و هونەرمەندان لە هەرێمی کوردستان، بەرەوپێشچوون و گەشەپێدانی رەوتی هونەری و پشتیوانیی هونەرمەندان دەرکرد و وتی، ئەنجوومەنێكی تایبەت لە هەموو بوارە هونەرییەكاندا دروستدەكەین و پێكەوە هەنگاوی گەورە لەوبارەیەوە دەنێین.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure