هەواڵ

-

قوباد تاڵەبانی: هەرێم و بەغدا جدین لە چارەسەرکردنی کێشەکان

6/6/2024 8:00:44 PM 56 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و کردنەوەی زانکۆی نێودەوڵەتی بەریتانی و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەممە (٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران روونی کردەوە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا جدین لە چارەسەرکردنی کێشەکان، بە تایبەتیش کێشەی بودجە و موچە و لەناویشیاندا موچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی کۆچی نایاسایی کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە چارەسەری ریشەیی ئەم پرسە بە گەشەسەندنی ئابوری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان دەکرێت. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند بەشێکی بەرچاوی ئەو کەسانەی کۆچ دەکەن، دانیشتووی شار و شارۆچکەکانن کە گەشەسەندنی کەمتری بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە لەڕێگەی گەشەسەندنی هاوسەنگ و گرنگیدان بە وەبەرهێنان لە شار و شارۆچکەکان و رەخساندنی هەلی کار لەو ناوچانەدا دەکرێت تا رادەیەکی باش رێژەی کۆچی نایاسایی کەم بکرێتەوە.

 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەوڵەکانی کردنەوەی زانکۆی بەریتانی نێودەوڵەتی کرا لە هەرێمی کوردستان. باڵیۆزی بەریتانیا سوپاسی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد لە پشتگیریکردنی پڕۆژەکە و کارئاسانیکردن لەپڕۆسەی کردنەوەی زانکۆکە. 

 

لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی هیوای خواست کردنەوەی ئەم زانکۆیە، پەیوەندیی ئەکادیمی نێوان کوردستان و بەریتانیا بەهێزتر بکات و رۆڵی گرنگ ببینێت لە پێشخستنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان.

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure