هەواڵ

-

قوباد تاڵەبانی: هێزی پێشمەرگە پتەوترو پیشەییانەتر دەکەین

6/3/2024 7:52:07 PM 68 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەبازی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەندیدار بە هێزی پێشمەرگە تاوتوێ کران.  

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ( ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و کلاوس شترایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە و جەختیشان کردەوە لەسەر رێکخستنەوەی باشتری هەموو هێزەکان.

 

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا وەفدە سەربازییەکەی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی بەرنامەی بە‌هێزکردنی تواناکانی پێشمەرگەدا، روانگەی خۆیان بۆ زیاتر بە پیشەیی کردنی هێزی پێشمەرگە خستەڕوو و باسی راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد لە بواری تەندروستی و چارەسەکردنی خێرادا کە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەچووە.

 

جێگری سەرۆک وەزیران، سوپاسی هێزەکانی ئەڵمانیای کرد لە هاوکاریکردنی پێشمەرگەدا بە تایبەتیش لەڕووی راهێنان و پاڵپشتی لۆجستییەوە و هیواشی خواست هاوکارییەکان بەردەوامیان هەبێت. 

 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی ژنانی ناو هێزەکانی پێشمەرگە کرا و گفتوگۆ کرا لەبارەی چۆنییەتی راهێنانی زیاتر بە هێزەکانی ژنان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەییانەتر ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure