هەواڵ

-

یەكێتی بەكردار خزمەتی هەڵەبجە دەكات

3/14/2024 6:37:46 PM 171 ‌جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەردی بناغەی پڕۆژەی دەروازەی شاری هەڵەبجە دانرا، كەلەسەر داوای فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبەغدا، سەرۆكوەزیرانی عیراق بڕیاریدا تێچووەكەی بگرێتە ئەستۆ.

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر پشكی پارێزگای هەڵەبجە  راگەیاند: "لەسەر داوای من وەك ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی و  بە پشتیوانی د. خالید شوانی وەزیری دادی عیراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڕیاریدا بڕی یەك ملیار دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانبكات".

"ئەو داواكارییەمان لە چوارچێوەی خزمەتكردنی هەڵەبجەییەكاندا دێت، بەتایبەت لە ئێستادا كە لە ساڵیادی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە نزیكدەبینەوەو ئەو پارەیەش بۆ پڕۆژەیەك لەپارێزگای هەڵەبجە تەرخانكراوە"، چرۆ حەمەشەریف وادەڵێت.

بۆ ساڵیادی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە لەلایەن نوێنەرانی یەكێتییەوە لە بەغدا، سەرۆككۆمارو سەرۆكوەزیران و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و سەرۆك و سەركردەی حزبە عیراقییەكان بانگهێشتی شارەكە كراون.

ئەندامەكەی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پشكی هەڵەبجە راشیگەیاند: "بۆ ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو لەڕێگەی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی گرنگ لەدەروازەی شار یادی كارەساتەكە دەكەینەوە، چونكە هەڵەبجەییەكان بەكردار خزمەتیان دەوێت نەك تەنها سەردانیكردن و بەڵێن پێدان".

 

"پاش گفتوگۆ لەگەڵ پارێزگارو جێگرەكانی و قائیمقامی شارەكە بڕیارماندا ئەو بڕە پارەیەی كە سەرۆكوەزیرانی عیراق پێشكەشی شارەكەی كرد، بۆ پڕۆژەی دەروازەی هەڵەبجە تەرخانی بكەین" چرۆ حەمەشەریف وادەڵێت.

رۆژی 16-3-2024، ساڵیادی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە دەكرێتەوە، كە 36 ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت، بۆ ئەمساڵیش لەسەر داوای فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا بڕی یەك ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەك لە شارەكە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراقەوە تەرخانكراو ئەمڕۆ 14-3-2024، بەردی بناغەی پڕۆژەكە دانرا.

 

نەخشەی دیزاینكراوی پڕۆژەی دەروازەی شاری هەڵەبجە:

 

Copyright © 2012. all rights reserved . Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure